ژن لە نێوان مرۆڤێتیی و بەندایەتییدا!

ژن لە نێوان مرۆڤێتیی و بەندایەتییدا!

بسم اللە الحمداللە الصلاە والسلام علی رسول اللە وعلی الیە وصحبیە ومن والاە أما بعد:

لای هەموان ئاشکرایە کە ئەسڵ لە مرۆڤایەتیدا بە نێر و مێیەوە بەندایەتییە بۆ خوای تەبارەک و وەتەعالا وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە (وماخلقت الجن والإنس الی لیعبدون)

بۆیە ژنیش وەک مرۆڤ بەندەی خوایە، کەوابوو ژن نابێتە بەندەی پیاو.. چونکە هەرگیس کەس نابێتە بەندەی کەسێکی کە جگە لە خوا، هەروەها ناشبێتە بەندەی هیج کۆمەڵگەو کۆمپانیاو سەرمایەدارو لایەن و دەزگایەک، بە کورتی واتە: نابێتە بەندەی هیچ هێزێک لە هێزەکانی سەر زەوی، باڵکو ژنیش هەروەک پیاو بەندەو گوێڕایەڵی خوایەو ڕاستەوخۆش بەندایەتی بۆ دەکات و هەستدەکات شوێنکەوتەی دڵڕاستیی فەرمانەکانی خوای خۆیەتی، وە هەر لەلایەن خواشەوە بە بێ جیاوازی پاداشت دەدرێتەوە وەک خوای گەورە دەفەرموێت (فستجاب لهم ربهم أنی لا أضیع عمل عامل منکم من ذکر أو أنثی بعضکم من بعض)

واتە: کردەوەی هیچ مرۆڤێک لە نێر و مێ بەبێ پاداشت ناهێڵمەوە، هەموتان لای من چون یەکن.

کەوا بوو ژنیش پاداشت دەکرێت بەو چاکەو خێرەی کە دەیکات هەروەک چۆن ڕەگەزی بەرامبەری پاداشت دەکرێت، پەیوەندییەکەی بە خوداوە ڕێزی مرۆڤانەو سەربەخۆیی ڕاستەقینەی پێ دەبەخشێت، ژن لەلای خۆی و ـ لەلای خوای گەورەش بەدیهێنراوێکی مرۆڤانەی خاوەنڕێزە و بە خوای گەورەوە پەیوەستە و هەموو ژیان و قەوارەو هەموو وزەکانی لە خوای خۆی دەخوازێ..

ئەم پەیوەندییەی کەسایەتیی پێ دەبەخشێ بەهەمان ئەو شێوەیەی کە کەسێتیی بە پیاو دەبەخشێت.

ژن هیچ کەم و کوڕیەکی نییەو بەشێکیش نییە لەکەسێکی تر تا لە مرۆڤێکی دیکەوە خۆی کامڵ بکات ( تەنها لەوەدا نەبێت کە قەوارەی خۆی لە هاوسەرگیریدا تەواو دەکات کە هەروەک پیاویش قەوارەی خۆی لەم ئاڕایەدا تەواو دەکات، ئەمەش شتێکی دیکەیە)

ژن لە کاتێکدا گوێڕایەڵی پیاو دەکات لەو شت گەلەی کە خوای گەورە بەسەریدا فەرزی کردووە، ئەوا سەربەخۆیییە مرۆڤێتی و کەسایەتییەکەی خۆی بزر ناکات، چونکە سەنگی مەحەکی کەسێتی و سەربەخۆیی بەردەوام ئەوەیە کە مافی ئەوەی هەیە، چونکە لە ئەرکی خۆیەتی پیاو بۆ ڕاستەڕێ بیگێڕێتەوە لە کاتێکدا کە دەبینێ لە ڕاستەڕێی شه‌رعی خودا لایداوە.

ژن دەبێت ئەوە باش بزانێت هیچ شتێک هەستی هەبونی کەسێتی بە مرۆڤ نابەخشێت هێندەی ئەو مافەی کە مافی ئاڕاستەکردنە، تێکڕای تێکۆشانی گەلان لەم پێناوەدابووە کە هەستبکەن بە خودی خۆیان و وەدیهێنانی قەوارەیان، بۆئەوەی بەو مافە بگەن کە مافی ئاڕاستەکردنی فەرمانڕەوایە بۆئەوەی لەو بنەما گێژاوانە دەربچێت کە هەموو کەسێک دەیخوازێت.

مافی ئاڕاستەکردن مافی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا وەکویەک مافی ژن و مافی پیاو، کاتێک ژنیش هەست بەو هێزە دەکات لە خۆیدا کە لە پەیوەندی بە خوداوە دەیخوازێت.. ئەوا لە ناخی خۆیدا کەسێتییەکی سەربەخۆو خودی وەدیهاتوی خۆی لە واقیعی ژیاندا دەبینێت، سەربەخۆییش ئەوەنییە کە دژایەتی لەگەڵ مێردەکەیدا بکات و هەڵوێستی هێرشکردن بگرێتە بەر، ژیان شەڕ و ئاڵۆزی نێو ماڵ نییە، ئەوەندە بەسە کە جەنگێک بێت دژی هێزەکانی خراپەکاریی کە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەن.

ژن کە بەندەی خوایە هەروەک چۆن پیاویش بەندەی خوایە هەریەکەشیان مافی ئەوەیان هەیە بەڵکو ئەرکی خۆشیانە کە یەکتر بۆ تاعەتی خوا ئاڕاستە بکەن، ژن دەتوانێت بە توندی ناڕەزایی لە پیاوەکەی دەرببڕێت لە کاتێکدا کە سەرپێچی کرد، تەنانەت دەشتوانێت پێی بڵێت لە ئەمڕۆ بەدواوە من چیتر ژنی تۆ نیم مادام سەرپێجی خودات کردووە لە تاعەتی پەروەردگارت دەرچویت، ئابەم شێوەیە لە پەیوەستبونییەوە بە خوای خۆیەوە هەست بە مرۆڤێتیی و کەسایەتی خۆی دەکات، گەر بەڕاستی بە خوای گەورەوە پەیوەست بوو بەندەی خوای گەورە بوو ئەو کات بە هیچ جۆرێک نابێتە بەندەو داردەستی هیج پیاوێک یان هیج هیزێک لە هێزەکان، ئەمما بەندەی خوا نەبوو پەیوەندی لە گەڵ خالقی خۆی بچراند، ئەوسا زۆر بە ئاسانی دەبێت بە نێچیری چاوبرسیان و دوور نییە ببێت بە کاڵایەک و بازرگانیی پێوە بکرێت، کە ئەمەش ڕوویدا ئەوسا هەست دەکات کە کەسایەتی و مرۆڤێتییەکەی لەدەست چووە و بووە بە بەندەی کەسانێکی کە جگە له‌ خودا.

ژن لە ئیسلامدا هەر بەوەندە ناوەستێت کە کەسێتی خۆی دۆزیوەتەوە، بەڵکو بە هەڵبژاردنی خۆی دەبێتە ئافرەتێکی ڕەوشتبەرز، ڕەوشتبەرزیش لە کۆمەڵگای مسوڵماندا بە پیاو سالاری و دەمی شمشێر بەسەر ژندا فەرز نەکراوە هەروەک بە خەیاڵی پوچی کەسانێکدا دێ، ئەوەی کە بە شمشێر فەرز دەکرێت ڕادەی هەره‌ نزمی ڕەوشت بەرزییە، کۆمەڵگا ناتوانێت بە بێ ژن بژی، ژن کە مرۆڤێکی سەربەستەو خوای گەورە بەهەمان شێوەی پیاو دروستی کردووە، بۆیە نە بەندەیەو نە کاڵا نە خۆراکەو نە بەشێکە لە کەسێک مرۆڤێکە کە خاوەنی کەسێتی و قەوارەی خۆیەتی، بەندەی هیچ کەسێک نییە جگە لە خوای گەورە کەهەروەک پیاویش بەندەی خوای گەورەیە، کەوابوو مرۆڤێکی سەربەست وخاوەن قەوارەو کەسێتی خۆیەتی نەک بەندەو کۆیلە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە: جەنگی نەریتەکان ـ محمد قطب

 

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *