جلال تاڵەبانی و مێژوویەکی ڕەش
شکار عوسمانی
شتێکی شاراوە نییە مام جلال کەسێکی وریاو زیرەکە، بە هۆکاری ئەوەی هیچی پێ عەیب نی یە و نیفاقی سیاسی کردووە بە قەڵغانێك و توانیویەتی تا رادەیەکی باش جێگەی خۆی لە هەموو جێگەیەک بکاتەوە ، هەروەها توانیویەتی یەکێتی لە چەندین شکست رزگار بکات و چەندین دەستکەوتیان بۆ بە دەست بێنێت بەڵام ئەم کابرایە ئەگەر مێژووی بخوێنیتەوە و بە دوایدا بچيت دەبینیت هیچ کاتێک حەزی بەوە نەکردووە کەس لە خۆی بەرزتر بێت یان ناو دەربکات، هەر کەس تۆزێک خۆشەویست بووبێت و ناوی دەرکردبێت خێرا شکاندویەتی و لە بەرچاوی خەڵکی خستووەو ئەگەر پێویستی کردبێت لە سەر کارەکەی دورخستۆتەوە ، لەم باسە باسی شۆڕشگێڕێکی کورد ئەکەین کە هەموو هێزو توانای خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی لە دژی حکومەتی بەعث بجەنگێت و هەوڵبدات میللەتی کورد ڕزگار بکات ئەویش ئەو کەسەیە کە هەموو کورد ئەیناسن و ناسراوە بە مامە ڕيشە و لە ئەسڵدا ناوی نجم الدين بووە ، بزانین سابیر کۆکەی کۆنە پێشمەرگەی یەکێتی لە کتێبەکەیدا بە ناوی ناڵەی پێشمەرگەیەك بۆ مێژوو چۆن باسی مامە ڕيشەمان بۆ دەکات لە دوای ئەوەی ناوی دەرکردوو مام جلال وەك هەموو پێشمەرگەکانی تری یەکێتی لە ناوی خستوو کارێکی کرد تا بە دەستی تەحسین شاوەیسی کۆنە پیاوی حکومەتی بەعث لە ناو چێت …
“سابیر کۆکەی دەگێڕێتەوە کاتێک یەکێتی و ڕژێمی عێراقی خەریکی رێکەوتن بوون لە رۆژی ۲۱/۳/۱۹۸۴ دا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە سەدان هەزار هاووڵاتی لە شارو شارۆچکەو گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی عێراقەوە ڕوويان کردە ناوچەی سورداش .
یەکەمین جار بوو لە مێژووی کوردا، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئازادو سەربەخۆ کۆ ببنەوە جەژنێکی مێژووی نەتەوەیی کورد بکەن بە سەیران و ئاهەنگ گێڕان لەو ناوچەيەو بەم شێوەیە، هەر لە قەڵای سوسێ وە بۆ سەیرانگای قەشقۆڵی بە درێژای ۲۵ کیلۆمەتر خەڵکانی کوردی ئاهەنگێڕی تێ ڕژابوو .
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پۆل پۆل و دەستە دەستە دابەش ببون لە سەر گردۆلکەو کارێزو کانیاو چەمیلکەکانی ناوچەکەو خەریکی شایی و هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ گێڕان بوون .
لەو کاتەشدا مامە ڕيشەو هاوڕێکانی کە لەناوچەی گەرمیانەوە بەرەو سورداش هاتبوون گەیشتنە ناو جەماوەرەکەو پێشوازیەکی زۆر گەرم و گەورەیان لێ کرا لە لایەن جەماوەرەکەو سەدانیان بە دوایاندا ڕايان دەکرد بۆ چاوپێکەوتن بە مامە ڕيشەو قسەکردن لەگەڵيدا . لەو ڕۆژەوە جەماوەر وای دەرخست کە مامە ڕيشە کەسایەتی یەکەمی بزووتنەوەی شۆڕشی نوێی کوردە لە بواری پارتیزانیدا ، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی هەندێ لێپرسراوی حەسود و خۆدەرخەر ، و ئەم ڕۆژە بووە هۆی نەمان و فەوتانی مامە ڕيشە .
مامە ڕيشە لە بنەماڵەیەکی هەژاری ناوچەی گەرمیان بوو، نیشتیمان پەروەری وەک ئاشقێکی شپرزەی لێکردبوو بۆ کوردستان .
لە سەرەتادا کە دەچێ بۆ پێشمەرگایەتی گومانی لێ ئەکەن و بە پێشمەرگەی قەبووڵ ناکەن ، جگە لە لێدانێکی زۆرو ناردنەوەشی ، بەڵام مامە ڕيشە کە لەناخی دەرونیا شۆڕشگێڕو نیشتیمان پەروەر ئەبێ ، ئەو جۆرە ڕێگرتنە کاری لێناکەن و هەمیشە سوور ئەبێ لە سەر خەباتی ڕەوای گەلەکەی .
مامە ڕيشە مرۆڤێکی بێ تاوان و بێ گەردو ڕوو خۆش و دڵ پاک بوو ، خوێندەواری نەبوو ، باوەڕی بە ئاینی ئیسلام بە هێز بوو ، نوێژی ئەکرد بڕوای وابوو گولەی دوژمن نایبڕێ و کاری لێناکات، زۆر جار دەیگووت ، ئەگەر نیشتیمانیان لێداگیر کردی، بەپێی شەریعەتی ئیسلامی شەڕکردن لە دژی داگیر کەران ڕەوایەو خوای گەورەش بۆ پاراستنی نیشتیمانەکەت فرسەتت ئەدات .
مامە ڕيشە بەم جۆرە بیرو باوەڕەوە شەڕی دوژمنی دەکرد .. هەر بەدەستی خۆی دەیان (رەبيعە)و مۆڵگەی سەربازی لە هێزی دوژمن پاک کردبووەوە ، لەشۆڕشی نوێدا جۆرەها داهێنانی شەڕی پارتیزانی دژ بە دوژمن بەکار دەهێنا، وەکو بۆسە نانەوەو گرتنی زرێپۆش و شەڕی ناو گوند و چەندین داهێنانی پارتیزانی تر ، ئەو پارچە لەو حەی کە ڕژێم لە سەری نوسیبوو (ناوچەی حوکمی زاتی ) و لە پشتی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سەر بانی مەقان داینابوو ، نێوانی کوردو عەرەبی پێ دیار کردبوو ، مامە ڕيشە هەڵيگرتبوو بردبوویە سنورە راستەکەی نێوان خاکی کوردو عەرەب کە چيای ( جەبەل حمرین ) بوو لەوێ لە سەر هێڵە قییرەکەی چەقاندبوو و تاماوەیەکی زۆر لەوێ مابووەوە دوژمن بەو کردارە زۆر نیگەران ببوو .
لە دەرکەوتنەکەی ڕۆژی نەورۆزی ۱۹۸۴ وەکو پێشتر باسمان کرد، مامە ڕيشە دوژمنێکی گەورەی بۆ پەیدا بوو، چونکە کەسایەتییەکی تر خۆی بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە کردبوو کە جەماوەر بە دوای بکەوێ و بە دوایدا ڕابکات و چەپڵەی بۆ لێ بدرێت .
بۆیە دوای نەورۆز مامە ڕيشە بۆ لێپرسینەوە بانگهێشی سورداش کرابوو وە چەندین کێشەیان لە ناوچەی گەرمیانەوە بۆ دۆزیبوەوە ، لەو لێپرسینەوەیە جەلال تاڵەبانی بە مامە ڕيشە ئەڵێ : ڕيشت ئەتاشم . مامە ڕيشەش لە وەڵامدا گوتبووی خۆم ئەیتاشم ، لە هەمان لێپرسینەوە دکتۆر فواد مەعسووم زلـلەیەکی لە مامە ڕيشە دابوو ! لە دوایشدا بە سجنی ناردیان بۆ تیپی ۲۳ ی سورداش لە گوندی کرژە .
لەو کاتەی هێنایان بۆ لای ئێمە واتە سجنی تیپی ۲۳ ی سورداش ، ئێمەی پێشمەرگە هەموومان نیگەران بووین و نەمان دەزانی بەچی جۆرێک مامەڵەی لە گەڵدا بکەین. مامە ڕيشەی دڵ ناسک و پاک دەستی بە گریان کرد ، ئێمەش تەنیا توانای دڵدانەوەیمان هەبوو . مامە ڕيشە ووتی برا گوێزانێکم بۆ بێنن با ڕيشم بتاشم وام لێهات دکتۆر فوئاد مەعسوم زلـلەم بۆ بهاوێ، کە هێشتا دوژمن پێی نەزانیوە قاچاغ بووە !! من نازانم بۆ جلال تاڵەبانی ڕقی لە ڕيشی من هەڵگرتووە، برا گوێزانێکم بۆ بێنن باخۆم ڕيشم بتاشم .
پاشان رایکرد بۆ گوندی چەرمەگاو لەوێ چووبووە ماڵی ئەحمەد ڕۆستەمی برای حاجی برایمی چەرمەگا و لەوێشەوە گەڕابووەوە ناوچەی گەرمیان و پێشمەرگەکانی کۆکردبووەو ئاگاداری هێزەکانی تری یەکێتی کردبوو کە بەسنوری کەرتی چواری جەباریدا هاتووچۆ نەکەن، و هەر کەس هاتوچۆ بکات لێی ئەدەم .
ماوەیەکی زۆر سەربەخۆ حوکمی ئەو ناوچەیەی دەکرد و چالاکیەکانی دژی ڕژێم چڕتر کردبووەو تا یەکێتی ئەحمەد کوردەی ناردە لای و ئاشتی کردەوە .
دوا جاریش بە فێڵێکی تەحسين شاوەیس کە پەیوەندی پێوە کردبوو کە دێتە ڕیزی پێشمەرگەوە، مامە ڕيشەی خەڵەتاندبوو سەرکردایەتی یەکێتيش ئاگادار بوو لەوە و پێیان وترابوو کە مامە ڕيشە ئاگادار بکرێتەوە لەوەی کە حکومەت بە نیازە بیکوژێت ، بەڵام سەرکردایەتی و خودی جلال تاڵەبانی ئەو ڕقەیان لە دڵدا بوو کە ڕيشە ماوەیەک لە ژێر فەرمانیان دەرچووبوو ، بۆیە وتبوویان ئەگەر ڕيشەش بکوژرێت شۆڕش بەبێ ئەو هەر دەکرێت !
هەتا پیلانەکەی تەحسین شاوەیس سەریگرت و بە خیانەت لە ڕۆژی ۲۵/۱/۱۹۸۵ کەمینێکی بۆ ڕيشە داناو بە ناوی دەعوەتەوە لە گوندی حەسەن ئاوا کەمینیان بۆ داناو دایەنە بەر دەست ڕێژی گولـلە و ئەو شۆڕش گێڕە قارەمانەیان کە عەرەب پێی دەوت رجل الحديدي کوشت و لە ناو بردو پاشان لە تاڵەبان بە خاک سپێردرا “.
مێژووی جلال تاڵەبانی پڕە لە خیانەت ، هەر کە دیراسەی ئەکەیت و ئەیخوێنێتەوە دەبینێت ئەم کابرایە ئاواتی ئەوە بووە تەنها خۆی سەر بێت هیچ کەس قسە لەقسەی نەکات و نمونەشمان زۆرە بۆ ژیانی ئەم سیاسیە هیچ پێ عەیب نەبووەو هێواش هێواش ئەیخەینە بەر دیدی خوێنەرانمان ، بە تایبەتی ئەو گەنجانەی کە بەهەڵە شوێنی یەکێتی کەوتوون و ئەم پیاوەیان بە هەڵە ناسیووە .
رەنگ بێت بە لای زۆر کەسەوە سەیر بێت ئەگەر بڵێین جەلال تاڵەبانی خیانەتێکی زۆر گەورەی کردووە بەرامبەر بە کورد بە تایبەتی بە دێهاتەکان.
بە ناوی شۆڕشەوە سیاسەتێکی چەوتی بەکار دەهێنا و هەمیشە کارێکی کردووە کە وەک مشار لەهەردوو سەرەوە بیبڕێت، هەم لە دێهاتەکانی ئەخوارد هەم لەبەر بەرژەوەندی خۆی بە وێران کردنيشی ئەدان، دەیان بەڵگە هەیە لە دوای تێکچوونی رێکەوتنامەکەی ٨٣ لەگەڵ ڕژێمی بەعثی خوێن ڕێژدا ، زۆر بەی ئەو کاتانە شەڕی هەڵئەگیرساند کە خەڵکی داماو هەژاری دێهاتەکان لە چاوەڕوانی دورینەوەی گەنم و جۆدا بوون یاخود هەڵگرتنەوەی مەرەزەو کۆکردنەوەی توتندا، بۆ ئەوەی هەموو بەروبومەکانیان لە ناوچێت و خەڵکی زیاتر رقيان لە حکومەتی بەعس هەستێت و زیاتر ببنە خزمەتکاری پێشمەرگەی رەش و ڕووتی دوێنێ و گەورە مافیاو بازرگانی بێ وەفای ئەمڕۆ ، لە لایەکی تریشەوە کوڕەکانیان چەک هەڵگرن و ببنە پێشمەرگە بۆ سەرخستنی سیاسەتە چەوتەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و جلال تاڵەبانی .
ئەوەندەی حیزبی بەعس دوژمنی سەرسەختی کورد بووە و کوشت وبڕی کردوون ، تورکیاو حيزبی بەعسی سوری و ئێرانیش بە هەمان شێوە دەستیان نەپاراستووە لە کوشتنی کوردو وێرانکردنی ووڵات و خاکەکەیان ، ئێران هەمیشە بەرژەوەندی لەوەدا بووە کە سوود لە ناتەبای ووڵاتانی دراوسێی ببینێت هیچ کات چاوی بە رێکەوتنی کورد و ووڵاتە داگیر کەرەکانی تردا نەبینیووە، لەساڵی هەشتاکاندا ئێران بۆ ئەوەی زیاتر نێوانی کوردو رژێمی گۆڕ بەگۆڕی بەغدا تێك بدات، وەعدی بە جلال تاڵەبانی دا کە هاوکاری شۆڕشەکەی بکات و سەری بخات و بە جارێك لە سنوری ئێرانەوە بە هاوکاری پێشمەرگە تا چيای حەمرین پاك بکاتەوە بە زەبری چەكی بەهێزی هاوشێوەی تانک و بە کارهێنانی تەیارەی جەنگی و هەلیکۆپتەر .
سابیر کۆکەیی باسی ئەم حاڵەتەمان بۆ دەکات لە کتێبەکەیدا ناڵەی پێشمەرگەیەك بۆ مێژوو ، بە ناوی داستانی خۆخەڵەتاندن بۆ ئەو پەیوەندییەی لە نێوان یەکێتی و ئێرانییەکان دروست بوو لە سەر ئەساسی ئەوەی کە هێزەکانیان یەك بخەن و بە هەموو لایەك هێرش بکەنە سەر رژێمی عێراقی .
باس لەوە دەکات ئێران تەنها مەبەستی لە وە بووە قەرەباڵغيەك لە ناوچەکەدا دروست بکات هەتا رژێم زیاتر ترسی لێبنیشێت و هێزی زۆر بێنێتە ناوچەکەو دێهاتەکانی کوردستان بکەونە ژێر وێرانکاری خاپور ببن .. ئێرانییەکان بەڵێنیان دا بە هێزی پێشمەرگە کە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە تەقەمەنی و جۆری چەکی قورس و خواردن و داوو دەرمانیان بۆ بێنن بۆ گوندی سەرگەڵو لە دۆڵی جافەتی .
پاشان ئێرانییەکان هەندێك پێداویستیان بە هەلیکۆپتەر بۆ سەربازەکانی خۆیان ناردە گوندی سەرگەڵو ، هەلیکۆپتەرەکان زۆر کۆن بوون ،هی زەمانی باوکی حەمە رەزا شابوو دەنگیان زۆر بەرزو نالەبار بوو لە ئاسمانی سەردەشتەوە دەنگیان دەگەیشتە دۆڵی جافەتی و لەوێشەوە دەنگیان دەگەشتە شارۆچکەی چەمچەماڵ ، ئەم کارەشيان بە ئانقەست بوو ، دیار بوو کە بۆ توڕەیی و ناڕەحەتی ڕژێمی عێراق بوو .
رۆژێك لەو هەلیکۆپتەرانە بە مڕەمڕ لە ئاسمانەوە پەیدا بوو کاتێك لێمان دەرکەوت ، بینیمان هەر یەکەیان تۆپەڵێک بە ژێریەوە شۆڕ ببوەوە ، پێشمەرگەکان گەشانەوەو زۆر دڵيان خۆش بوو، وامان دەزانی چەك و تەقەمەنیان بۆ هێناوین .. فڕۆکەکان لە فڕگەی بەرگەڵو کۆڵەکانیان لە ئاسمانەوە فڕێدایە خوارەوە ، لە دواییدا بۆمان دەرکەوت کە هەمووی مەسینەی دەست بە ئاو گەیاندن بوو بۆ سەربازەکانی خۆیان هێنابوو بۆ بەکارهێنانیان لە تارەتگرتن و دەستنوێژ شتن، هەر سەربازێکیان زیاتر لە (١٠) مەسینەی بەردەکەوت ! لەوانەیە ڕژێمی بەعسيش وایزانیبێت کەهەرچی چەکی قورس و ژەهراوی هەیە ، بۆ ئێمەی هێنابێتە گوندەکانی سەرگەڵو بەرگەڵو ، پاش ئەوە ئیتر ڕژێمی عێراقی کەوتە خۆی و هێزی کێش کرد و بەهیچ جۆرێک دەستی نە پاراست لە تێکدان و وێرانکردنی دێهاتەکان ، و لە تۆڵەی ئەوەی دێهاتەکان قەڵایەکی بەهێز بوون بۆ پێشمەرگە خەڵکەکەی ئەنفالکردو دێهاتەکانی وێرانکردن .
پێشمەرگەکان ئەمەیان زۆر پێناخۆش بوو کە ئێران دەیکات و بە سیاسەتێکی سەرکەوتوویان نەدەزانی کە سەرکردایەتی یەکێتی و خودی تاڵەبانی ئەم کارە دەکەن ، بۆیە گلەییان کردو داوایان کرد ئێران وا نەکات و باوەڕيان بەبەڵێنەکەی نەبوو ، بەڵام جلال تاڵەبانی چەند جارێک بە لێپرسراوەکانی پێشمەرگەی دەگوت : ئەم بەهارە یا دەفڕين یا دەتڕين .
بەردەوام تاڵەبانی کاری بەم شێوەیە بووە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی هەموو کارێکی کردووەو فەوتان و نەمان و وێرانکاری لای ئەو هیچ گرنگییەکی نەبووە ، لەپاش کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە کە توانی پارەیەکی زۆر کۆکاتەوە بەناوی هەڵەبجەوە و تێری خوارد و پێی ناسرا دەیووت ئاخ بۆ هەڵەبەیەکی تر !! ئەمەش قسەی ئێمە نییە و گێڕانەوەی هاوخەباتەکەی خۆی نەوشيروان مصطفی یە .
________________________________________
مام جلال: ئەم بەهارە یان ئەفڕين یان ئەتڕين