غەززە؛ تاقیکردنەوەی ئیمانی من و تۆیە!
نووسه ر: فەریبا کهریمنهژاد
دڵەکان ئەمڕۆ تاسەی هەموو شتێک دەکەن! لەناکاو دەبینیت هەستت بۆ دوورترین کەس لە دوورترین شوێن دەجووڵێت، چەن خۆش دەبوو ترپەی دڵەکان هەمووکات ئائەوەها بۆ یەکتر لێبدات! بەتایبەتی ئەم ڕۆژانە کە جەرگی موسوڵمانان، غەززە لەژێر بۆردمانی بێڕەحمانەی داگیرکەری جوولەکەو پاڵپشتی گاورەکان و ئەوانەی کە بە ڕووکەش خۆیان لەژێر ئاڵای بەرزی ئیسلام حەشارداوە.
بەڕاستی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی غەززە، گەر دڵی من و تۆی خوشک و برای موسوڵمان دانەچڵەکێنێت، دیتر بزانە کە لقووپۆی ئیمان بە توکمەیی لە دڵمان نەچەقیوە!
برسیەتی و توونیەتی و ئاوارەبوون خەڵک و پلهی بەرزی گەرما، گریانی منداڵ و بێتاقەتی ئافرەتان و بەپەرۆشی پیاوان ڕێک لەو ڕۆژانەی سەردەمی ئابڵۆقەدانی پێغەمبەریخوا ﷺ و شوێنکەوتووانی لە شیعبی ئەبووتالیبی مامی دەچێت کە دوژمنانی دینی خوا، هەموو پلانێکیان بۆ سڕینەوەی نێردراوی خواو دینەکەی تاقیکردەوە، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ئیسلام گەشەی دەکرد، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەختی ڕێگاو ئەو هەموو ئەشکەنجەدان و ئەزیەت وئازارانە لە تاکە ئامانجیان کە سەرخستنی ئیسلام و پێغەمبەریخوا ﷺ بوو ساردنەبوونەوەو ئیسلامیان بە لوتکەی خۆی گەیاند.
ئەمڕۆ خەڵکی غەززە بە نوێنەرایەتی هەموو موسوڵمانان لەبەرامبەر گەورەترین دوژمنی دینی خوا، به ماڵ و گیانی خۆیان وەستاون.
زۆر جێگای شەرمە لەم قوربانیدانە لە پێناو دینی خوای گەورەو گەڕانەوەی یەکەم قیبلەی موسوڵمانان، من و تۆی موسوڵمان ڕۆڵێکمان نەبێت گەر بە دۆعا کردن بێت یا خود بەژداربوون لە دابینکردنی پێداویستیەکانیان و بێتاقەتی دەربڕێن و بەدڵ چەشتنی ئەزیەت و ناخۆشیەکانیان.
هەر وەکوو وتراوە ئەمڕۆ غەززە تاقیکردنەوەی ئیمانی من و تۆیە، ئاگاداربین لەم تاقیکردنەوە نەدۆڕێین!